خالد سلێمان
قسەیەکی پەخشانئامێز نابێت ئەگەر بوترێت کورد نەتەوەیەکی داڕزیوە، وەک چۆن زیادەڕۆییش نابێت ئەگەر بووترێت، «قابلیەتی» کورد بۆ مانەوە وەک نەتەوەیەکی پاشکۆ و بەجێماوی ڕووداوەکانی جیهان، بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە. ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستان لەم ڕۆژانە و لەم ساڵانەشدا: ئاماژەی داکشانن بەرەو دوو بازنەی ئیجگار نزم بە بەراورد لەگەڵ مەزەندەی کۆمەڵگەی و «حوکمڕانان»، کە زۆرجار لە دەرەوەی جوگرافیای کۆمەڵایەتی و سیاسی بەردەست، وێنای هەرێمە «بەجێماوەکە» دەکەن. بەڵێ، کوردستان بووەتە هەرێمێکی بەجێماو، لەناو قسەی حوکمڕاناندا، وەک چۆن لە قسەی نوخبەیەکی میدیایی و کولتووریی «چەپێنراو»یشدا جێگەی نابێتەوە.
هەر چاودێرییەک بۆ ڕووداوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لە هەرێمی کوردستاندا، دەمانگەیەنێتە ڕاستییەک کە لە کولتووری (١٧٪)دا بەرجەستە دەبێت، ئەویش خەوخۆشییە وەک ناونیشانی حوکمڕانیی نەک شتێکی تر. لەو ساڵانەدا کە ئەم کولتوورە، ژمارەی فەرمانبەری بێ بەرهەم و ڕۆژنامەنووسی بێ پیشە و پۆلیسی بێ دەوام و پێشمەرگەی بێ سەنگەری، پەیتا پەیتا زیاد دەکرد؛ بنەماکانی دروستکردنی نەتەوە بە مانا مێژوییەکەی، بەجێمان و بوونە ناونیشانی دیاردەیەک دەکرێ ناوی لێبنرێت: نەخۆشییە کوردییەکە.
ژماردنی شکستە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم بەشێوازێکی کرۆنۆلۆژی، دەمانخاتە بەردەم ڕاستییەک کە کورد تیایدا بە داڕزیوی دەردەکەوێت. لەو چرکەیەی کە ئەردۆگان فڕۆکەخانەی هەولێر دەکاتەوە (٢٠١١)، لە بری ناوی کوردستان ئەڵێت ئەم «هەرێمە جوانە»، کەس بیر لەوە ناکاتەوە کە جارێکی تر سوڵتان دەوڵەتداریی بەلایەقی کورد نهزانێت و ناوی هەرێمە جوانەکەش وەک زەلکاوێکی (دێفاکتۆ) بەکار بهێنێت، کەسیش لەبیری ئەوەدا نەبوو خڵتەیەکی کۆمەڵایەتی کە (حەشدی شەعبی) دروست دەکات، جارێکی تر ببێتە ئەو هێزەی کێشی کورد لەناو ڕوداوەکاندا کەم دەکاتەوە. لە دەیەی سێیەم و چوارەمی سەدەی بیستەمدا، خڵتەی کۆمەڵایەتی ناوچەکانی موسڵ و ڕۆژئاوای کەرکوک، هەمان ئەو ڕۆڵە دەبینن کە ئەمڕۆ «حەشد» دەیبینێت، کوردیش خودی ڕووداوەکە دەبێت و وەک ئێستا، تەنها کارلێککراو دەبێت، نەک کارلێککەر.
بە کورتییەکەی، نەخۆشییە کوردییەکە لە هەناوی کولتووری (١٧٪)دا دروست دەبێت، لە لایەکەوە پارەیەکی نەختی لە بەغداوە دەگاتە دەست، لەلایەکی ترەوە نەوت دەبێتە هۆی فراوانبوونی بازنەی دەسەڵاتی حوکمڕانانی هەرێمە «جوانەکە». خەسڵەتەکانی بوونی نەخۆشییەک بەناوی نەخۆشییە کوردییەکە، لەزۆر بوار و ئاستدا دەردەکەون، یەکەمینیان پارەی «نەختە. (ڕۆژێك کەسێکی پێی وتم لە بەغداوە بە فەردە پارەیان لە بەغداوە ئههێنا، هەتا گەیشتوونەتە سنوری هەرێم، دەستیان لەسەر دڵیان بوو، چونکە بە ڕێگەی دەشتیی بەغدا-هەرێمدا، بە ئۆتۆمبێل پارەکەیان هێنابوو). پارەی نەخت؛ ئەوەی لە بەغداوە دەهات و ئەوەی لە نەوتی کوردستانیش دەست دەکەوت و ڕەوانەی دەرەوە دەکرا، هەموو بنەماکانی کوردستانێکی بەهێزی لەبار برد، بووە هۆی دانەمەزراندنی هێزێکی پێشمەرگی یەکگرتوو، هێزێکی ئاسایشی ناوخۆی پیشەیی، دامەزراوەیەکی دادی سەربەخۆ، سیستمی پەروەردە و تەندروستییەکی پێشکەوتوو، تۆڕێکی گواستنەوەی گشتی و سیستمێکی بانک، هەروەها ئینتەلایەکی ئەخلاقی و سیاسی دروستکرد دەکرێ ناوی لێ بنرێت، ئینتەلای «لە سەدا حەڤدە».
دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک بەسەر نەخۆشییە کوردییەکەدا کە بەشە بودجەی ١٧٪ هۆکارەکەی دەبێت، هەژاری زیاد دەکات، توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز دژی ژنان پەرە دەسێنێت، بنەمای پەیوەندیەکانی خێزان-خێل دەبنەوە بەشێک لە دیمەنی کولتوریی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوریی. گەندەڵی زەقتر دەبێتەوە. لەسەر کتێبێک کە ناوی سەرۆکی خێڵێکی تیا نەهاتوە، لەناو هەولێری پایتەختی هەرێمی بەجێماودا، دەبێتە شەڕی دەستەو یەخەو سەنگەر لەیەکگرتنی کۆمەڵایەتی، لەسەر دەمەقاڵییەکی پەیوەست بە ترافیک-لایت دەستدرێژی دەکرێتە سەر هاووڵاتییان، پشکنینی پۆلیس بۆ سوتاندنی ژنێک بە «فیعلی فاعل»، دەگۆڕدرێت بۆ خۆسوتاندن، لە مانگێکدا تەنها لە شارێکی وەک سلێمانی، لە پایتەختی «ڕۆشنبیرییە»، ژنکوژی زیاد دەکات. حوکمڕانە کوردەکان، لەوە سەرکەوتو دەبن، کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێن، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا، بگۆڕن بۆ کۆمەڵگەیەک چاوی «مەکرەمەکانی» حکومەت بێت، ئەمەش دیارترین خەسڵەتی نەخۆشیەکەیە، کە پارەی نەختی چەند ساڵێکی دیاریکراو، کە کورد لە پەنایدا، جارێکی بووە نەتەوەیەکی بەجێماو.